کورتەیەک سەبارەت بە مێژووی خەباتی چەكداریی ژنانی ناو پەكەكە و بیردۆزەی دابران؛ هاوژین زیبا

کورتەیەک سەبارەت بە مێژووی خەباتی چەكداریی ژنانی ناو پەكەكە و بیردۆزەی دابران

نووسەر: هاوژین زیبا

پرسی ئازادی و یەكسانیی ڕەگەزی بۆ ژنان هەمیشە پرسێكی مێژوویی و بنچینەیی بووە، و هەردەم لە هەوڵی تێگەیشتن لێی و بەدیهێنانیدا بوون ، لەم پێناوەشدا بە ڕێگە و شێوازی جۆراوجۆر كار و خەباتیان بۆ كردووە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بڕگەیەکی زۆر واتاداردا گوزارش لەم ڕاستیە دەکات: “ئایا دەكرێت نكۆڵی لە ئاوازی جریوەی بولبول بكەین لەناو قەفەسدا؟ ئایا گشت ڕەنگ و دەنگەكانی گەردوون چی بە بیری مرۆڤدا دەهێنن جیاواز لە ئازادی و گەڕان بەدوای ئازادیدا؟ سەرجەم هەوڵەكانی ژنان لە گەران بۆ ئازادی دەكرێت چی واتایەكی دیكەیان هەبێت؟”(1).
بنەما و هۆكارەكانی دروستبوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، بابەتێكی سەربەخۆ و گرنگە، بەڵام مەبەستی ئێمە لەم نووسینەدا دەستنیشانكردنی کورتەیەک لە مێژووی خەباتی چەكداری و ڕێكخستنی تایبەتی ژنان و فكر و فەلسەفەی ئازادیی ژنانە لەناو پەكەكەدا. کە لوتکەی ئەم چالاکییانە لە بیردۆزەی دابراندا بۆیەکەم جار خۆی پێناسە دەکات.
وەكو دەزانرێت؛ لە سەرەتای دروستبوونی پەكەكەوە هەتاكو ئێستا ژنان ڕۆڵی سەرەكی و گرنگیان بینیوە لە دامەزراندن و بەردەوامیدا، ئەم بەشدارییەش بۆ ژنان بە جۆرێک بەشێک بووە لە گەران بۆ ئازای.
بەپێی سەرچاوەیەک (YJWK)یەکەم رێکخراوی کوردە لە چوارچێوەی پەکەکەا: “ژنی کورد کاتێک لەناو حەقیقەتی پەکەکەدا خۆی ڕێکخست، ساڵی ١٩٨٧ یەکەمین ڕێکخستنی ژنانی پێکهێنا و ناوی لێنرا (یەکینەی ژنانی وڵاتپارێزی کوردستان)Yekitiya Jinen Welatparezen Kurdistan (YJWK)، کە بە یەکەمین ڕێکخستنی ژنان دادەنرێت گوزارشت لە هێزی ڕێکخستووی ژنان بکات لەناو پەکەکەدا، بەگشتییش نوێنەرایەتیی لە یەکەمین ڕێکخستنی ژنانی کورد کرد. YJWK زۆرتر چالاکییەکانی لە گۆڕەپانی ئەوروپا و لە سایەی (بەرەی نیشتیمانیی ڕزگاریخوازیی کوردستان)دا ئەنجامدا. لەبەر ئەوەش کە ژنان تێیدا هێشتا نەیانتوانی تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییە کۆنەپارێزەکانیان تێپەڕێنن؛ نەتوانرا بەشدارییەکی کردەیی هاوشانی ئەم ڕێکخستنە و پێداویستییەکانی نیشان بدرێت.
لەدوای ساڵی ١٩٨٧، کاریگەریی شیکارییە دیارەکانی پەکەکە دەربارەی ژن و خێزان، بە خێراییەکی زۆر گەورە بەسەر جەماوەردا ڕەنگی دایەوە. بە شەهیدبوونی هەڤاڵ (بەنفیش ئاکاڵ)، کە لەسەر بنەمای ئەم شیکاریانە و بە باوەڕبوونی بە ئازادی هاتبووە ڕیزی شۆڕشەوە، جەماوەر دەستیدایە قۆناغی سەرهەڵدان. بۆ یەکەمی نجار سەرلەبەری جەماوەر بە ژن و پیاوییەوە دەستیاندایە سەرهەڵدان و هاوپشتی پەکەکە بوون و لە ئامێزیان گرت. هەڤاڵ بێریڤان بوو بە ڕەمزی یەکەمین ژن کە خۆی لە هەژموونی پیاو (چ برا چ پیاو) ئازاد کرد و بوو بە موڵکی گەل و نیشتیمان و مێژوو و کچانی هاوڕەگەزی خۆی، بوو بە ڕەمزی بەرپەرچدانەوەی هەوڵی دزینی ئیرادە و هەڵمژینی هێز و بچووککردنەوەی کەسایەتی، هەوڵگەلێک کە بەردەوام ڕووبەڕووی ژنانی کورد دەبوویەوە. ئەو بوو بە ڕەمزی ئەو نامۆبوونەی لە بەرەبەیانی مێژووەوە لەنێوان ژن-ژیانی ئازاد-کۆمەڵگادا دروستبووە”(٢).
هەندێک سەرچاوەی دیکە باس لەوە دەکەن کە لە ساڵی ١٩٩١دا لە باكووری كوردستان بە پێشەنگایەتیی ژنان ڕاپەڕین لە دژی فاشیزم و داگیركاری دەستپێدەكات، و ژنان دەنگی نەخێر و ناڕازی بوون هەڵ‌دەبڕن بە ڕووی دەوڵەت و داگیركاریی توركیادا لە شارەكانی جزیرە و نوسەیبین و گەلێك ناوچەی دیكەدا، هەر لەم سەرهەڵدانانەشدا ژنانی جیاواز بەشداریی ڕێكخستنەكانی پەكەكە دەبن.
لەگەڵ بەردەوامیی خەباتی پەكەكەدا لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستاندا لە پارچەكانی دیكەی كوردستان دژایەتی و ناكۆكی دروست دەبێت، لە ساڵی ١٩٩٢دا شەڕ لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردسان دروست دەبێت، لەم شەڕەدا ژنە گەریلایەك بە ناوی “گوڵناز قەرەتاش” (“شەهید بێریتان”) لە دوای ئەوەی بریندار دەبێت بەڵام خۆی ڕادەست ناكات وبە برینداری لە سەر چیا خۆی هەڵدەداتە خوارەوە و دەڵێت: ” بمرێ خیانەت”.
ئەم چالاكییەی شەهید بێریتان دەبێتە هەوێنی دروستبوونی رێکخراوی چەكداریی سەربەخۆی ژنان لە چوارچێوەی پەكەكەدا، ئەگەرچی لە سەرەتای دامەزراندنی پەكەكەوە ژنان ئامادەییان هەبووە و ڕۆڵی كاریگەریان گێڕاوە، بۆ نمونە؛ ساكینە جانسز (شەهید سارا). بەڵام بینینی ئەو چالاكی و ڕۆحی فیداكارییەی شەهید بێریتان لەناو پەكەكەدا ژنان زیاتر بەرەو سەربەخۆیی لە بواری سەربازی و سیاسی و كۆمەڵایەتی ئاڕاستە دەكات.
ژنان لە ناو پەكەكەدا چۆن توانییان ئەقڵیەتی پیاوسالاری كۆتایی پێ‌بهێنن و بە سەربەخۆیی ژیانی خۆیان بكەن؟ زیهنیەتی باوكسالاری و دەسەڵاتداری بەسەر ژناندا لە كۆمەڵگای كوردستاندا خانە-بە-خانەی مێشك و ڕۆحی مرۆڤەكانی گرتووەتەوە. هەر بۆیە خەباتی چەكداری و سەربەخۆ بوونی ژنانیش لەناو پەكەكەدا لە سەرەتادا بە ئاسانی قبوڵ نەكراوە و دژایەتیی كراوە، بەڵام هەڵوێست نەگۆڕیی ژنان و قوڵبوونەوەیان لە فكر و تێڕامانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هۆكارێكی زۆر گرنگ بووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو جۆرە لە زیهنیەت و بیركردنەوەی پیاوانی ناو ڕیزەكان پەكەكە.
لە سەرما و گەرمای ژیانكردن لە چیاكانی كوردستاندا ژنان هێزی خۆیان یەكخست، ‌و یەكتریان پەروەردە كرد، و یەكیان خۆش ویست، و ڕێزیان لە تایبەتمەندییەكانی یەكتری گرت.
لێرەوە ژنان بە پێچەوانەی زیهنیەتی هەزاران ساڵەی پیاوسالاری كە دەڵێت “ژنان یەكتریان خۆش ناوێت، ژنان یەكتری ناناسن، ژنان ناتوانن بە یەكەوە كار بكەن، ژنان ئیرەیی بە یەكتری دەبەن…هتد”؛ هەوڵەكانیان بەگەڕخست و لە چوارچێوەی (خۆشویستنی ژن، ناسینی ژن، تێكۆشانی ژن) دەستیان بە خەبات كرد.
لە ساڵی ١٩٩٥ یەكینەی ئازادیی ژنانی كوردسان (یاژك) Yekitiya Azadiya Jinên Kurdistan (YAJK) دروست دەبێت وەكو هێزی ژنان، ژنانی پەروەردەكراو بە هێز و ڕادەی خۆیی بوون، واتا هێزی ژن بوون وەكو مرۆڤێكی سەربەخۆ، دەچێتە ئاستی بەڕێوەبەری لە كۆمیتەی گشت پارتدا جێی خۆیان دەگرن، و بە هاوبەشی لەگەڵ پیاواندا (كۆمیتەی ئازادی و وەك هەوی) دروست دەكەن. لەم قۆناغەدا جیاواز لە پەرەوەردەی تایبەتی ژنان بە سەربەخۆیی، ژن لە ناو پەكەكەدا تەنها خۆپەروەردەكردن بە ئەركی خۆی نازانێت، بەڵكو پەروەردەی پیاوانیش دەكات لەسەر ئەو بنەمایەی چەندە ژنان سەربەخۆبن و بەرەو پێش بچن و پیاوان لە ناو زیهنیەتی پیاوسالاری و نەناسینی ژندا بن گۆڕانكاری دروست نابێت و پێشكەوتنی زیهنیەت بەرە و پێش ناچێت.
لە ساڵی ١٩٩٧-١٩٩٨ (تیۆری دابران) لەسەر بنەمای بیردۆزەی ڕزگاریی ژن وەكو هەنگاوێكی ستراتیژی وگرنگ لە مێژووی خەباتی ژنانی پەكەكەدا دەست پێدەكات، کە لە ٨ی ئاداری ١٩٩٨ ڕاگەیەنرا.
تیۆری دابڕان چییە؟
تیۆری دابڕان یان تیۆری ئازادیی ژن یان بیردۆزەی ڕزگاریی ژن Bîrdoziya Rizgariya Jinê پێكدێت لە: دابڕان لە تێگەیشتنی هەزاران ساڵەی باوی پیاوسالاری، ژنان لەم تیۆریەوە دادەبڕێن لە پیاوان، لە سێ خاڵی سەرەكیدا:
یەكەم: لە بواری فیزیكیدا، بە پێی ئەم بیردۆزەیە ژنان وەک چەشنێکی لاواز وبێ هێز تەماشا ناکرێن، چەشنێکی لاواز کە بۆ بەدی هآێنانی خۆی بە چەشنی پیاوانەوە بەسترابێت، بەڵکو هێزی ژن وەک تواناییەکی سەربەخۆ دەناسرێتەوە و دەکرێتە بنچینەی رێکخستنی ژنان. ئەم بیردۆزەیە کلێشەی پیاوی بەهێز/ژنی لاواز تێدەپەرێنێت ومتمانە وهێزلە دەرەوەی کلێشەکانەوە بۆ ژنان دەگێرێتەوە.
دووم: لە بواری ڕۆحیدا. بەو واتایەی ژنان لە بواری هەست و سۆزدا بە هەرچی دەگەن و بەرهەم دەهێنن بۆ پاوان بووە، بەڵام تیۆری دابران پێشنیار دەکات بەبێ گەرانەوە بۆ سەرچاوەیەک کە پیاوان بێت، ژن ببێتە خاوەنی داهێنانی هونەری لە هەموو فۆرمەکاندیدا.
سێیەم: لە بواری فیكریدا. بە پێی ئەم تیۆرە تا ئێستا زانستەکان بە پێی باوک-پیاو دا بەرهەم هاتووە و تیایدا زاناییەکانی ژنان بە زانست دانەندراون. بۆیە گەران بۆ زانستێکی ژنانە و داننان بە زانایی ژنانە لە رەوتی مێژوودا بەشێک دەبێت لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بیردۆزەییە.

لەم سێ بوارەدا ژنان دادەبڕێن لە پیاوان، و وەكو بونێكی سەربەخۆ و ئازاد ژیان و خەبات دەكەن.
هەر لە ساڵی ١٩٩٧-١٩٩٨ بیردۆزی ڕزگاریی ژن ڕادەگەیەنرێت، و هاودەم چالاكیی دووو ژنە گەریلا بە ناوەكانی زەینەب كەناجی (شەهید زیلان)، و سەما یوجە (شەهید سەما)، كە بە چالاكییەكانیان كاریگەرییان لەسەر هەموو گەل دروست كرد؛ هێزی ژنیان زیاتر دەرخست.
بیردۆزیی ڕزگاریی ژن پێك دێت لە: وڵاتپارێزی، فیكری ئازاد، ڕێكخراوبوون، تێكۆشین، جوان بوون و ئێستاتیكا.
شۆڕشی ژن ئەزموونی (یاژك)ە. ژنانی كورد و یەكینەکانی ژنانی كوردستان ئێستا لە چوارپارچەی كوردستان توانیویانە خۆیان بسەلمێنن، و جۆرێكی تایبەت لە فكر و تێگەیشتن بۆ ژیان بخوڵقێنن. بێگومان كانیاوی ئەم تێگەیشتنە و سەرچاوەی فكریی ئەم ڕێكخستنەوەیەی مرۆڤەكان؛ لە فیكر و فەلسەفە و تێڕامانی عەبدوڵا ئۆجالانەوەیە، و تاكو ئێستا بەردەوامیی هەیە، و لە فراوانبوون و سەركەوتنی بەردەوامدایە.
یەكینەی ئازادیی ژنانی كوردستان کە هەتا ساڵی ١٩٩٩ بەم ناوەوە دامەزراوە ، لە قۆناغەكانی تری تێكۆشاندا ناوی دەگۆڕێت بۆ “یەکینەی ژنانی ئازاد ستار” (یژاستار) Yekîtiyên Jinên Azad STAR (YJA STAR) کە ٢٠٠٤ دامەزرا و تا ئێستەش بەردەوامە، و ڕێكخستنی (یژاستار) لە هەرچوار بەشی كوردستان ڕێكخستنی خۆی پێكهێناوە: لە ڕۆژئاوای كوردستان “یەکینەکانی پاراستنی ژن” (یەپەژە) Yekîneyên Parastina Jin YPJ، لە شەنگال “یەکینەکانی ژنانی شەنگال” (یەژەشە) Yekîneyên Jnên Şengalê (YJŞ)، لە ڕۆژهەڵات “هێزەکانی پاراستنی ژن” (هەپەژە) Hêzên Parastina Jinê (HPJ) و، لە باكوور “یەکینەکانی پاراستنی سڤیلی ژن” (یەپەسە-ژن) Yekîneyên Parastina Sivîla Jin (YPS-Jin)، لە خەباتی چەكداری بەردەوامن.

پەراوێزەکان:
(١) ئەم پەرەگرافە کورتەی پەرەگرافێکی (عەبدوڵا ئۆجەلان)ـە لە “مانیفێستۆی شارستانێتیی دیمۆکراتیک”،
(٢) حركة تحرير المرأة الكردية. (YJA STAR – Yekîneyên Jinên Azadên Star). ١٥/٧/٢٠١٢.
https://www.yjastar.com/ar/2012-07-15-07-41-40/88-2012-07-15-17-08-14

سەرچاوەکان:
(١) ئەرشیفی دۆکیومێنت و مەتریاڵی جۆراوجۆری ناوەندی ژنۆلۆژی.
(٢) ئۆجالان، عەبدوڵا، مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتیک. پەرتووکی سێهەم (سیۆسیۆلۆژیای ئازادی). وەرگێرانی لە توركیەوە: لوقمان عەبدوڵا. چاپی سێیەم، ٢٠١٦.
(٣) جانسز، ساکینە، ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو. وەرگێڕانی: ئارام پێنجوێنی. ئەکادیمیای ژنی ئازاد-زەینەب کناجی. بەرگی یەکەم. ٢٠١٧.
(٤) حركة تحرير المرأة الكردية. (YJA STAR – Yekîneyên Jinên Azadên Star). ١٥/٧/٢٠١٢.
https://www.yjastar.com/ar/2012-07-15-07-41-40/88-2012-07-15-17-08-14
(5) Celal, Xezne, Jinên kurd ji bo tevahî jinan bûne jêderka azadiyê. (E-Rojname), 03.03.2020.
https://e-rojname.com/bs-jin/81360/
(6) Dîlok, Dilzar , 8’ê Adarê Bîranîna Dîrokî… (Hêzên Parastina Gel-HPG Online – Kurdi).
http://hezenparastin.info/ku/index.php?option=com_content&view=article&id=1287:8e-adare-biranina-diroki-&catid=18&Itemid=260
(7) Kurdistan Women’s Liberation Struggle. (JINEOLOJI), 2020/04/22.
https://jineoloji.org/en/2020/04/22/kurdistan-womens-liberation-struggle/

*(ئەم وتارە، بەشێکە لە زنجیرە وتارێک، سەبارەت بە خەباتی چەکداری ژنانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *