وڵاتی یــــار و ئەوینی پــــاک؛ گوڵان سنە

وڵاتی یــــار و ئەوینی پــــاک؛ گوڵان سنە

کاتژمێر ٥ی بەیانی بوو، لە خەو هەستام و دوای نوێژ کردن ئیدی خەوم لێ نەکەوتەوە و چاوەڕێ زەنگی لەیلا بووم تاکوو بزانم ئەو ڕۆژە دەمانتوانی ڕێبکەوین.

بە هەزار شەڕ و داوا توانیبووم ماشینێکی بارهەڵگر بگرم کە خۆم یارمەتییە کۆکراوەکان ببەم کە دڵنیا ببینەوە دەگاتە دەستیان. چونکە لەپەستادا هەواڵەکانمان پێ ڕادەگەیشت و ئاڵۆزتر و تووڕەتر و خەمین‌تری دەکردین. وتیان سوپای پاسداران بەر بە ماشێنەکان دەگرێت و ناهێڵێت بگاتە ناوچە لێقەوماوەکان و لە ئەمبارەکانی خۆیاندا ڕایاندەگرن و هەنێ لە خەڵک لە گەڵیان بە شەڕ هاتوون و لە کۆتاییشدا هیچیان پێ نەکراوە. لە گەڵ هاوڕێیانێک کە یارمەتییەکانمان کۆ کردبووەوە قسەمان کردبوو کە کێ بچێت و بیبات بەڵام ئەوانیش وەکوو من ژنێکی گرفتار بوون کە هەرچەند هەموومان مامۆستای قوتابخانە بووین و دەستمان دەچووە گیرفانمانەوە بەڵام سەربەخۆییە ماددییەکەشمان نەیتوانی ئازادیمان بۆ بێنێت و هێشتا نەمانتوانیبوو خۆمان لە کوت‌وبەندی بنەماڵەمان ڕزگار بکەین. لە کۆتاییدا من توانیم پێ بنێمە سەر ترسەکانی هەزار ساڵەی خۆمدا، هەڵبەت ئەوە فرمێسک و هاوار و هەژاری و لێقەوماوییەکەی خەڵکی کرماشان بوو کە هەوساری پێم بچڕی، چەن ڕۆژی سەرەتایی بوومەلەرزەکە ئەوەندە کە ڕەسم و وێنەی خوێناوی و ئاوارەییەمان دەبینی خەنجەر دەچووە دڵمەوە و ناخم بە تەواوی سووتابوو، هەموو هەستم پێی دەوتم دەبێ بۆ خۆم بچمە ئەوێ، هەر تەنیا کۆ کردنەوەی یارمەتی ساڕێژی نەکردم و لە کۆتاییدا ئۆقرەم بڕا و وتم ماشینێکی بارهەڵگر دەگرم و دەیبەم، ماڵەوە بەریان پێ گردم و زۆر قسەی ناحەزم بیست کە ئەی ژنێک بە تەنیا چۆن بچێت بۆ شارێکی‌تر ئەویش بەو دۆخە ئاڵۆزەی ئێستایەوە و ئەویش لەگەڵ کابرایێکی شوفێری ماشین بارهەڵگر. بەڵام هەرچۆنێک بێت ترسم و ڕزاو بێ‌پرس لەگەڵ بارەکەدا لە سنەوە وەڕێ کەوتین. پێشتر لەگەڵ هاوکارێکم لە کرماشان پێوەندیم گرتبوو و بڕیاری دابوو چەند ڕۆژێک لە قوتابخانە ئیزن وەرگرێت و لەگەڵم بێت و بمانبات بەرەو ناوچەکانی سەرپێڵ و ئزگڵە و بۆ خۆشی یارمەتیدەر بێت.

کاتژمێر ١٠ی شەوێ گەیشتینە یەکێ لە شوێنەکانی مەبەست. بەڵام زۆر سەرم سووڕمابوو، لە تەواو شارەکانی کوردستان و شارەکانی تری ئێران، هێندە ماشینی یارمەتی هاتبوون و خۆراک و کەلوپەلیان هێنابوو کە هەستم دەکرد یارمەتییەکەی ئیمە زۆر بە پێویست نییە و بریا پارەمان بۆ ساز کردنی کانێکس کۆ کردبایێتەوە. لەو بیر و ڕاو هەستانە بووم و هاتم منیش بڕۆم سەرێکی نێو خەڵکەکە بدەم کە کابرایێک لە دوورەوە هاوار هاوار خۆی گەیاندە پەنای ماشینەکان
_ بۆ خاتر خوا بێن بڕێکتان بچن بەرەو داڵاهوو، هیچ یارمەتیک ناڕوات بۆ یارسانەکان، حاڵیان زۆر شڕ بوە
یارسان! پێم سەیر بوو، تا ئێستا ئەو ناوەم نەبیستوو. لەیلای هاوکارم بۆی ڕوونکردمەوە کە ئەوان کوردی یارسانن و بە هۆی ئایینی جیاوازیان، زۆر کەوتوونەتە پەراوێزەوە. لەو هەراو هاتوچووی نیوەشەوەدا تێنەگەیشتم چۆن چۆنییە، هەر ئەوندەم لا گرینگ بوو کە خەڵکێکی کوردی تر هەن کە پێویستیان بەو یارمەتییەی ئێمەیە و ئەو بابەتە هێزی زیاتری پێ دامەوە.
دەستێک لە پشتەوە لە سەر شانم دانرا. لام کردەوە شیما بوو!
_ ئەزیزەگەم تونیش کوموک هاوردیدە؟
_ بەڵێ
_ دەی وەگەرد ئیمە تییەی بچیمنە داڵاهوو؟ م وە داڵاهوو تییەم، فرە موحتاج یارین. هە بایە ئیسەیش بچیمن کە سوپا وەر ڕیمان نەگرێ.
بەیانی گەیشتینە ناوچەی داڵاهوو. لەیلا دوو ڕۆژ دواتر ڕۆیشتەوە بۆ کرماشان. من حەوتەیەکە لێرە مامەتەوە. هەر نە تەنیا لەبەر یارمەتیدان. ئێرە شوێنێکی سەیرە و خەڵکێکی جیاوازن کە تازە دۆزیویانمەتمەوە. مامەوە کە زۆرتر بیاناسم.
شیما خۆی خەڵکی ئەم ناوچەیە، بەڵام شەوی بوومەلەرزەکە لە تاران بوو، لە زانکۆی تاران خەریکی خوێندنی دەرسی دوکتورییە. دوای ئەو شەوە بە پەلە خۆیی گەیاندبووە ئێرەو خەریکی یارمەتییە. دڵخۆشم لەوەی کە ئەو کچە ئازایە بۆتە هاوڕیم. بە دەم هات و چوو و یارمەتیدانمانەوە پرسیاری زۆرم لێ دەکرد و بەوپەڕی سەبر و تاقەت و خوێن ‌شیرینییەکەی خۆیەوە ڕێنوێنی دەکردم. ئێستا تازە دەزانم خەڵکێک بە ناوی یارسان لە سووچێک لە خاکی کوردستاندا بوونیان هەیە کە هەمان خواوەندی ئایینەکانی تر دەپەرەستن کە ناوی خاوەندکارە؛ ناوێکی ئەوستاییە و یارسانیش لە دوو وشەی کوردی پێکهاتووە، “یار و سان”.
چیرۆکێکی سەیرم لە یەکێک لە ڕێبەرە ئایینییەکانیانەوە بیستووە بەناو باوە یادگار کە زۆر لە چیرۆکی حەزرەتی عیسا دەچوو، دەڵێن کە باوە یادگار لە دەنکێ هەنارەوە خولقاوەو هەناریشیان بەلاوە پیرۆزە. لە سەرەتاکاندا دەمهەویست لێرە بەدزییەوە نوێژێ بکەم کە نەوەکوو پێیان ناخۆش بێت بەڵام بە پێچەوانەوە کاتێ تێگەیشتن ڕێزیان لێدەگرتم و شیما وتی ڕێزگرتن لە ئایینەکانی دیکە لە یاساکانی ئێمەیەو چاوێکی لێ قرتاندم و بە بزەیەیێکەوە وتی پیاوەکانیشمان دەتوانن تەنیا ژنێکیان هەبێت.
شیما زۆر لەباری مافی ژنانەوە چالاک و زانایە و پێم وتبوو بە چ سەختییەکەوە هاتووم و کە بچمەوە نازانم چی ڕوو دەدات. بە قسەو بڕواکانییەوە زۆری ورە داوە پێم و شکاندنی ترسەکەمی بەلاوە زۆر ئازایانە بوو و سەبارەت بە ژنانی ئازاد زۆر دواوین کە ژن نابێ ببێتە ئۆبژەو کاڵایەکی سێکسی و ئێستا هەستێکی زۆر باشترم هەیە. وادەزانم متمانە بەخۆییم بە شێوەیەکی سەیروسەمەر چۆتە سەرەوە بەتایبەت کاتێک خۆم لە نێو ئەو خەڵکە میهرەبان و پڕ هەستە دەبینمەوە. کاتێ بۆ یاریدان بە ناویاندا دەگەڕێین داوەتمان دەکەن بۆ ناو چادرەکانیان و چای و قەندی خۆیانمان بۆ دادەنێین و نە بوومەلەرزەو نە کزەی سەرما نەیتوانییوە چرای میوانداریەتیان بکوژنێتەوە. بەڵام شتێک کە زۆر تامەزرۆ و شێت و هاری کردووم، ڕیوڕەسمی جێژنی “خاوەنکار” و دەنگی دڵگیر و داگیرکەری تەموورەکەیانە کە شیما چەن فیلمێکیانی لێ نیشان داوم. هەموو ساڵێک لە کاتی خۆی ئەو جێژنە ئایینیەیان بە ڕێیوە دەچێت و سەدان تەموورە ژەن بە دەور یەکدا کۆ دەبنەوە و بە تەموورە ژەنین کە سازی کۆن و ڕەسەنی یارسانەکان بووە، ئاهەنگی عێرفانی خۆیانی پێ دەژەنن و هێندە مرۆڤ ڕاکێشی خۆی دەکات و ئەوندە زەوقی پێدەدام کە شیما بەڵێنی پێ داوم کە دواتر داوەتم بکات بۆ ئەو ڕێوڕەسمەیان. هەروەها ئەویش دەنگی دەفەکەی ئێمەی بەلاوە جوان بوو و دەڵێت ئاوێتەی ئەم دوو سازە ڕۆحی مرۆڤ تاکوو ئاسمان دەبات. کتێبی ئایینیشیان هەیە کە ناوی “سەرئەنجام”ـە و لە درێژایی مێژوویاندا کەسانێک پەرەیان بەو ئایینە داوە.
بالوول مایی لە سەدەی دووەمی کۆچی مانگیدا و بە شێوەیەکی شاراوە بناغەی ئایینی یاری داناو و لە دوای چوار سەدە و بە تێپەڕینی دەورانی شاخوەشین، بابا جەلیل، بابا سەرهەنگ و بابا ناوس، لە سەردەمی سوڵتان سەحاکدا کامڵ بووە. بە مەبەستی پاراستنی زمان و کلتووریان کە لە درێژایی مێژوودا زۆریان هێرشی زمانی کردۆتە سەر تاکوو بیتوێننەوە، لەبەر پاراستنی زمانی دایکی، کتێبەکەیانیان هەر بە زمانی کوردی نووسیوە.
بە هەر حاڵ، ئاشنایی من لەگەڵ ئەم خەڵکە هاوکات بوو لەگەڵ ڕووداوێکی تاڵ، بەڵام هەر بەسەرهاتێک دوو سەری باش و خراپی هەیە.
هەموو ڕووداوێک و کارگەلێک کە ئێمە کردوومانە و بیروبچوونێک کە دێتە مێشکمانەوە هەمیشە ئەم دوو سەرچاوەکەی باش و خراپییەی لەگەڵ‌دایە. بەڵام دەتوانین لایەنە ئەرێنییەکان، بە بەرنامەداڕشتن و هەروەها بیرێکی ئاشتی خوازانەوە، بەهێزتر بکەین، تاکوو بە هەر بڕوایەکەوە کە هەمانە بتوانین پێکەوە بە باشی و یەکسانی بژین و ئەمە سەرەتای گەشبینی منە لە ئەزموونی تاڵی بوومەلەرزەدا کە ویستم ئێستا لە دوایین شەوی مانەوەم لێرەدا بینووسم، ڕەنگە ڕۆژێک بەڵاوم کردەوە. هەر بۆیە بە باشی دەزانم بڕێکیش لە سەر بڕواکانی شیما لە زمانی خۆیەوە بنووسم:
جێژنی خاوەنکار و ڕۆحی بەرخۆدانی سوڵتان سەحاک و هاوڕێیانی، شێوازێکی ئیدۆلۆژیکە کە لە بەرامبەری داعیشەکانی ڕۆژگاردا دەریخستووە.
ئەو ڕۆحی ڕاوەستایی و خۆڕاگرییە تا وەکوو ئەمڕۆ لە پێست و ئێسقانی کۆمەڵگاماندا ماوەتەوە. بڕوایەک کە هێشتایش لە نێو کۆمەڵگایەکدا درێژەی پێ دەدرێت، دەرخەری ئەوەیە کە چەن نەمرە و لەو کۆمەڵگایەدا چەندە بۆ ژیان دەبێت. پێداگری لە سەر ژیان و بەرخۆدان، لە لایەن بیروبۆچوون و شوناسە جۆراوجۆرەکانەوە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەکوو کەم نەتەوە ناو دەبرێن ئەوەمان پێ دەڵێت کە مرۆڤ لە فەلسەفەی هەبوونی خۆی ئاگامەندە. دەتوانین سەبارەت بە خەڵکی یارسانیش ئەوە بڵێین کە سەرەڕای گوشارێ کە هەمیشە دەخرێتە سەریان و حاشایەک کە لێیان دەکرێت، هەر لە سەرەتای بونیانەوە، فەلسەفەی بەرخۆدان سەرکەوتنە، بووە بە ڕێبازیان. جێژنی خاوەنکاریش نیشان دەدات کە ئەم فەلسەفەیە لە نێو ئەم خەڵکەدا شتێکی بنەڕەتییە.
لە ئەمڕۆیشدا بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بە ڕێبەرایەتی” ڕێبەرئاپـــــۆ” بە بیرۆکەی کۆمەڵگای ئازاد و تاکی ئازاد، ئەو هەلەی بۆ هەموو مرۆڤەکان ڕەخساندووە کە بگەڕنەوە بۆ شوناسی حەقیقییان. لەم کاتەدا نەتەوەی کوردستان و ژنان و لاوانی بڕوامەند بە ئایینی یاری ئەرکی پێشەنگی ئەم قۆناغەیان وە ئەستۆ گرتووە و کۆمەڵگایەک داهاتووی دەبێت کە بە ڕێکخستنی خۆی لە پێناوی دروست کردنی نەتەوەی دێمۆکراتیکدا هەنگاو هەڵگرێت.
ئەو شەهیدانەی کە کۆمەڵگای یارسان لەم ساڵانەی دواییدا، لە ڕێگای شۆڕشی کوردستان و خەباتی نەتەوەکانی ئێراندا داویە، بۆ خۆی نیشاندەری خەباتی بێ‌وچانی خەڵکی یارسان، کۆڵنەدەری و نەکشانەوەیان لەم ڕێگایەدایە هەتا ئەو کاتەی ژیانێکی ئازاد وەدی بێنن

سەرچەم: کووار خاونکار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *