ڕۆژنامەنووسی ئازاد و ڕۆژنامەنووسانی زمان-حاڵی دەسەڵات؛ هاوژین زیبا

بە بۆچوونی شوێنەوارناس و مێژوونووسی ئیسڕائیلی (ئێتان ئەیالۆن) Etan Ayalon “هەر زمانێک ڕەنگدانەوەی ڕادە و ئاستی درک و تێگەیشتنی ئەو کەسانەیە کە زمانەکە بەکاردەهێنن لە فەرهەنگی ئێستا و ڕابردوویاندا”(١). زمان ئامڕازێکی پەیوەندییە لەسەر ئاستی دوو تاک یان لە ناوخێزان یاخود کۆمەڵگا بە شێوەیەکی گشتی. زمانیش بەپێی دواکەوتوویی یا چەقین یاخود پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەک شێوازی جیاجیای بەسەردا دەسەپێنرێت و ـ بەپێی ئەو گۆڕانەی ڕوودەدات ـ زمان لە شێوەی بەکارهێنانیشدا دەگۆڕێت. ئەوەش لەو سۆنگەیەوە کە زەروورەتی خوڵقاو یاخود داسەپاو بەسەر هەر کۆمەڵگایەکدا چوارچێوەیەکی دیاریکراو و گونجاو لەگەڵ هەل‌ومەرجی ئەو کۆمەڵگایەدا بە زمانی ئاخافتن و نوسین دەبەخشێت.
زمان ئامڕازێکە خۆی لە خۆیدا کارناکات و ئەوە تاکەکانی هەر کۆمەڵگایەکن کە بەپێی هەست و ئاست و دەرکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیان ئەو ئامڕازە بەکاردەهێنن. سیستەمی سیاسییش بۆ درێژەدان بە مانەوە و بەردوامبوونی کار و دەسەڵاتی خۆی زمان بەکاردێنێت وسودی لێ دەبینێت. بۆیە ئامڕازی زمان سەرەڕای کاریگەریی لە بواری ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا؛ کاریگەرییەکی سیاسیی بەرچاوی لە هەناودا هەڵگرتووە. هەموو سیستەمێکی سیاسی بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ قەیران و دۆخەکانی کۆمەڵگەدا لێزانانە سوود لە ئامڕای زمان وەردەگرێت، بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە سەردەمی ئەوپەڕی بەكەڵکهێنانی تەکنەلۆژیاداین، هەر دەسەڵات و سیستەمێکی سیاسی سوود لە هۆکار و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، وەک ڕۆژنامەگەری، ڕادیۆ، تەلەڤیزیۆن، بەتایبەت سەتەلایت، و سۆشیاڵ میدیا، لە پێناو گەیشتن بە مەرام و مەبەستەکانی، لەناو جەماوەر و کۆمەڵگادا، وەردەگرێت. ڕژێمە سیاسیەکان زۆر بەئاسانی لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمانەوە مێشک و زەین و سەرنجی باشی هەر کۆمەڵگایەک بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن و سەرنجی خراپیش لەسەر خۆیان هەڵدەگرن.
هەر سیستەمێکی سیاسی سود لە دوو شێوە زمان وەردەگرێت: یەکێکیان فرمانی نیشاندان و بەرجەستەکردنی خاڵە ئەرێنیەکانی و ڕاکێشانی سەرنجی جەماوەرە بۆلای خۆی و زامنکردنی پشتگیری و ڕەوایەتیی جەماوەریە بۆ کار و کردەوەکانی خۆی. ئەوی دیکەیان دەکات بە چەکێک و لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا دژ بە نەیار و لایەنە ناکۆکەکان بەکاری دە‌هێنێت. ئەمەش کارێک نیە لە بێئاگاییەوە بکرێت، بەڵکو هەر سیستەمێکی سیاسی ئاگاداری و زانیارییەکی زۆر تەواوی لە بارەی رۆڵی زمان و ئاستی کولتووریی کۆمەڵگاوە هەیە، و چاک دەزانێت زمان چۆن بەکاربهێنێت، تا لەسەر بۆچوون و ئایدیۆلۆژیای زۆرینەی کۆمەڵگاکەی و “ترپەی دڵی شەقام” کار بکات.
لێرەوە گەر بڕوانین بۆ بەرنامە و کاری سیستەمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە زەمەنی ڤایرۆسی کۆرۆنادا؛ ئەوەی دەیبینین و دەرکی پێ‌دەکەین بەکارهێنانی زمانە لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵک. زمانی دەسەڵات لە ڕاگەیاندنەکانەوە باش دەناسرێتەوە. گەر کەناڵی (ڕووداو) بە نمونە وەربگرین؛ دەبینین سەرجەم بەرنامە و پرۆگرامەکانی ستایشی گرتنەبەری ڕێ‌و‌شوێنی ئەمنیی توندە لە لایەن ئاسایشەوە بەرامبەر بە خەڵک. لەگەڵ بەکارهێنانی شێوازی جیاواز و تایبەتکردنی بێژەرەکانیان لە ڕێگەی دووبارەکردنەوەی دەستەواژەی جیاوازوە، بۆ نمونە بەرنامەی هونەری بە “های و بای”، بەرنامەی یەک هەواڵ بە “بوەستە!”وە، سەرباری ئەوەی لە ڕێگەی بەرنامەکانەوە بینەر سەرقاڵی کۆمەڵێک بابەتی جیاواز و نا-گرنگ دەکرێن دوور لە خەمی ڕاستەقینەی ژیان: قوتی ژیان و مووچەیفەرمانبەران نادرێت وهیچ هاوکارییەکی هاوڵاتیان ناکرێت لەم دۆخەدا وەک هەمیشە حکومەت کەمتەرخەمی دەکات بەرامبەر بە مافی سەرەتایی و سروشتیی هاوڵاتیان. لەم ڕۆژانەدا کە زۆربەمان سەرقاڵی خۆپاراستن و تێپەڕکردنی ئەم دۆخەین؛ گوێمان لە دەنگێک دەبێت بوێر و بێ‌ترس پێمان دەڵێت: گێژاوتان بۆ دروست دەکرێت، تاکو بابەتی گرنگتان بیرنەمێنێت کە مافی ژیانتانە. (هێمن مامەند) ئەو دەنگە نەنوستووەی لە پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە بە چەن دێڕێک زمانی خۆی بەکاردە‌هێنێت بۆ هۆشیارکردنەوەمان و پێمان دەڵێت: ‘ئەوەی دەیبیستن؛ هەموو ڕاستیەکان نیە’، ‘ئەم دەسەڵاتە بۆ سەرقاڵکردنتان کاردەکات ، تکایە بەئاگا بن’، ‘ئەوەی بە ناوی خێر و بەخشندەییەوە بە وێنەگرتنەوە پێمان دەبەخشن؛ بێرێزییە، سوکایەتی پێکردنە، تکایە بێدەنگ مەبن بە هیچ هۆکارێک لەسەر مافی سەرەتای خۆتان.
لەبەرامبەر ئەم قسانەدا هەڵوێستی دەسەڵات چی بوو چیمان بینی؟ هەڵکوتانە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسێکی مەدەنی لە نیوە شەودا و ـ لەبەر چاوی دایکیدا ـ پەلاماردانی و گرتنی. لە هەمان کاتدا بێدەنگیی کەناڵی ڕاگەیاندنی “یەکەمی بێ‌ ڕکابەر” بە سەرجم کارمەند و ڕۆژنامەنووسەکانیەوە: ڕەنج و شاهۆو هەوراز و شەهیان و هیوا لە کوێن کاتێک دەبینن هاوپیشەیەکیان دەستگیر دەکرێت؟ ئایا بەرپرسیار کێیە و خەمخۆری هەژاران لە کوێیە ؟ هەواڵی نوێی کاژێر ٨:٠٠ بۆ باسی دەستگیرکردنی هێمن مامەند ناکات؟ یەک هەواڵ سەرقاڵی چی بابەتێکی گرنگ بوو؟!
هەر وەک دکتۆر مەریوان وریا قانع دەڵێت “لە هەر کۆمەڵگایەکدا نوخبەیەکی سیاسیی داخراو هەبوو، زیندان هەبوو، حیزبی سیاسی هەبوو، میلیشیای چەکدار هەبوو، دەسەڵاتدارانێک هەبوون کە بتوانن دەرگای زیندانەکان بکەنەوە و دایبخەن، توانای بەکارهێنانی توندوتیژئی هەبوو، ئەگەری سوکایەتی‌کردن بە ئینسان هەبوو، ترس هەبوو، بێ‌قانوونی هەبوو؛ دەبێت ڕۆژنامەنووسی ئازاد هەبێت”(٢).
بەڵام دیارە ڕۆژنامەنووسانێک کە ڕۆڵی زمان بۆ دەسەڵات دەبینن؛ ناتوانن لەسەر دەستگیرکردن و بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسێکی ئازاد بێنە دەنگ هەرچەند هاوپیشەیشیانە، چونکە هاوفرمانیان نیە.

پەراوێز:
(١) نوزەری، حوسێن عەلی، “زمان ـ هێز ـ ئازادی”، (زمان، هێز، ئازادی ـ کۆمەڵە وتار). وەرگێڕانی: مقداد شاسواری. لا. ١٠٩.
(٢) قانع، مەریوان وریا، شوناس و ئاڵۆزی. ٢٠٠٤. لا. ٢

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *