شەڕی ئۆکرانیا و لادانی دەمامکی دنیای مۆدێڕن – ڕۆژئاوا – ئەوروپا

شەڕی ئۆکرانیا و لادانی دەمامکی دنیای مۆدێڕن – ڕۆژئاوا – ئەوروپا؛ ئارێز ئەندەریاری

قەیرانی ئۆکرانیا و شەڕی ئێستای لە ڕاستیدا وەک ئاوێنە ڕووی ڕاستینەی دنیای ڕۆژئاوای ئاشکرا کرد، ئەمە شەڕێکی تەواو ئەوروپایە لە نێوان هاوپەیمانە براوەکانی شەڕی جیهانی لە ئەوروپا. لە دەیەکانی ڕابردوودا زۆرێک لە زانکۆکانی جیهان و بە دڵنیاییەوە لە زانکۆکانی دەرەوەی ئەوروپادا وا دەریانخست و پڕوپاگەندەیان کرد کە هەڵگیرسانی جەنگ پەیوەندی بە نەتەوە دوواکەوتوو و ناشارستانییەکانەوە هەیە بە تایبەتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – واتە غەیرە ئەوروپیەکان! – و ئەوە تایبەتمەندی کۆمەڵگە دوواکەوتووەکانە!
بە سەدان پڕۆفیسۆر، ڕووناکبیر و بیرمەند لە دەربڕینە بیردۆزی و زانستییەکاندا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – ڕۆژئاوای ئاسیا – یان بە تەوەری ناکۆکییە نەبڕاوە و خوێناوییەکان ناساند و گوتیان شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆتایی پێناێت و وەک هەورێک تەنیا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر دەگوازرێتەوە، لە کاتێکدا شەڕە خوێناوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆربەیان بەرهەمی ناوخۆ نەبوون، بەڵکو بەرهەمی سیاسەت و سیستەمی جیهانی و دەستێوەردانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بوو. رەنگە ئێمە بیرگەی مێژوویی هەژارمان هەبێت بەڵام مێژوو کە تۆمار دەکرێت و بە ماندگاری دەمێنێتەوە.
راستییەکەی ئەوەیە هەم لە ڕووی هەژمار و هەم لە ڕووی ڕێژەی قوربانیان و هەم لە ڕووی وێرانی، ئەوروپا و بە واتایەکیتر دنیای ڕۆژئاوا زۆرتر لە هەموو دنیا دەرگیری شەڕی ناوخۆ بووە. لە ئەوروپا لە ساڵی 1648 تا پێش شەڕی ئۆکرانیا 67 شەڕ ڕوویداوە، واتە هەر پێنج ساڵ شەڕێک ڕوویداوە، تازە ئەمە قۆناخی ئەوروپای پیشەسازی و قۆناخی مۆدێڕنە نەک ئەوروپای چاخەکانی ناوەڕاست! بەسەرنجدان بەوەی ڕووبەری ئەوروپا لە چاو کیشوەرەکانیتر کەمترین ڕووبەری هەیە و کەمترین هەژماری وڵاتانی لەخۆ گرتووە.

جێی سەرنجە ئەوەی ناودەبرێت بە “رێکخستن”و “ڕێکخستنی نێودەوڵەتی” لە ئەدەبیاتی ئەوروپی و بەم شێوەیە لە ئەدەبیاتی هاوبەشی جیهان و لە زانکۆەکانی دنیادا بە دەستکەوتی گرنگی مرۆیی ناودەبرێت، لە ڕێگەی شەڕی ماڵ وێرانی لە نێوان وڵاتانی ئەوروپایی بە ڕشتنی خوێنی سەدان هەزار و جارنا دەیان ملیۆن مرۆڤی سەربازی و سڤیل بەدەست هاتووە. پەیماننامەی “وێستفالیا” کە هەندێک جار بە “سیستەمی وێستفالیا” ناودەبرێت و لە زانکۆکانی دنیادا بە بنەمای چارەسەری ئاشتیانەی ناکۆکی و کێبەرکێکان ناودەبرێت و بە ناوی ئەوروپاوە دۆکیومێنت کراوە. شەڕی 30 ساڵەی نێوان حکوومەتەکانی ئەوروپای ناوەندی و نەمسا و ئیسپانیا لەلایەک و فەرەنسا و هۆڵەندا و دانمارک و سوید لە ساڵی 1648 کۆتایی پێهات ئامانجی ئەم ڕێککەوتنە پتەوکردنی دەسەڵاتی حکوومەتەکانی ئەوروپا و ڕێزگرتن بوو لە یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ئەوروپای ناوەندی کەواتە ئەم ڕێکخستنە نوێیە بۆ خودی ئەوروپادا بوو بۆ ڕاگرتنی شەڕ و هیچ پەیوەندیەکی بە هەموو جیهانەوە نەبوو بۆ ئەوەی ناوی “دەستکەوتی مرۆیی” ناوببربێت! بێگومان دوای ئەوەی ئەم شەش وڵاتەی ئەوروپای ناوەندی بناغەی پەرەپێدانی داگیرکارییەکانیان لە ئەمریکای لاتین و ئەفریقا و ئاسیا یان دانا، ئەو یاسایەش لە وڵاتانی داگیررکراودا جێبەجێ کرا کە دیسان مانای دەستوەردان نەبوو لە کاروباری وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقی بەڵکوو بە مانای ڕێزگرتن لە کۆڵۆنییەکان ئیسپانیا و دەستوەرنەدانی ئەوستریا بۆ کۆڵۆنییەکانی ئیسپانیا بوو و وڵاتانی تری ئەوروپای ناوەندی بوو، هەرچەندە لە دەستپێکی پەیماننامەی وێستفالیادا، هەرگیز ڕێز لە یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی دیکە نەگیراوە لەلایەن دەسەڵاتەکانی ئەوروپاوە. شتێکی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ڕێککەوتننامەی وێستفالیا تەنانەت نەیتوانی ڕێگری بکات لە شەڕی نوێ لە نێوان دەسەڵاتەکانی ناوەندی ئەوروپادا هەروەک لەسەرەوە باسکرا لە دەستپێکی پەیماننامەی وێستفالیا و شەڕی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ئۆکراینا 76 شەڕی خوێناوی گەورە و مامناوەند و بچوک لەنێوان وڵاتانی ناوەڕاستی ئەوروپادا ڕوویداوە هەرچەندە ئەو جەنگەی ئێستا لە ئۆکرانیا لە نێوان وڵاتە براوەکانی ئەوروپادایە لە جەنگی جیهانی دووەمدا، بەڵام جەنگێک کە لە جوگرافیای ئەوروپادا ڕوویدا و بەرەو ناوچەکانی دیکەی جیهان کێشرا. نیزامی چەند جەمسەری کە بە کۆنسێرت ی ئەوروپا ناسرا لە ساڵی 1815 دامەرزا لەسەرەتادا تێکەڵەیەک بوو لە ڕووسیا و پروسیا و نەمسا و بەریتانیا، لە ڕاستیدا لە دوای هەڵگیرسانی جەنگەکانی ناپۆلیۆن کە ملیۆنەها مرۆڤ تێدا کوژران دامەز، دامەزراندنی ئەوە نیزامە لە زانکۆەکان وەک دەست پێشخەریەکی کاریگەری نێودەوڵەتی گەڵاڵە کرا! ئەو نیزامەی تا سەرەتای شەڕی یەکەمی جیهانی لە ساڵی 1914 بەسەر دنیادا زاڵ بوو، هەڵقوڵاوی شەڕی ئەوروپییەکان بوو لەگەل یەکدی بە ئامانجی ڕاگرتنی شەڕ لە نێوان خۆیاندا و سەپاندنی ڕێکەوتن بە جێی شەڕ دانرا. بەڵام ئەو نیزامە هیچ قازانجێکی بۆ وڵاتەکانی دەرەوەی ئەوروپا نەبوو، تەنانەت نەیتوانی پێش لە شەڕ لە ئەوروپای ناوەندی بگرێت و بووە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕی دووەمی جیهانی کە تێدا 85 ملیۆن ئەوروپایی کۆژران و نزیکەی دوو قات سەقەت و بریندار بوون. هێزە براوەکانی شەڕی یەکەم پەیماننامەی ڤێرسای یان بە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕ لە نێوان خۆیاندا واژۆ کرد، بەڵام ئەو پەیماننامەیە کەمتر لە دوو دەیە دەوامی هێنا، هێزە ئەوروپییەکان یەکپارچەیی خاکی یەکدیان پیشێل کرد و دەرەنجامی بووە بە شەڕی دووەمی جیهانی کە شەش ساڵ درێژەی خایاند و تێدا نزیکەی 85 ملیۆن کەس کوژران کە تەنیا 20 ملیۆن کەسیان سەربازی ئەرتەشی ڕوسیە بوون، سەرەرای ئەوەی ڕوسیە لە سەرەتای شەڕەوە بێ لایەن بوو و خواستی تووش بوون بە شەڕی ئەڵمانیا لەگەل فەرانسە و بەریتانیا نەبوو

شەڕی جیهانی دووەم هەروەها بووە هۆی پێکهێنانی سیستمێکی نوێ کە بە سیستەمی دوو جەمسەری
ناسراوە لە نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوادا سیستەمی دوو جەمسەریی بە پێی یاساکانی ڤێرسای و ڤییەنا دروست بوو و لە ڕاستیدا بەردەوام بوو لە دەستپێشخەرییەکەی پێشووی ئەوروپا. سیستەمی دوو جەمسەریی لە ژێر دروشمی وەستاندنی جەنگ و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی یاسا و فەرمانەوە دامەزراوە و ئەنجومەنی ئاسایش لە وڵاتانی سەرکەوتووەوە لە جەنگی جیهانی دووەمدا دروستکراوە و بە ئامانجی ڕێگرتن لە شەڕ لە نێوان وڵاتانی خاوەن مافی ڤیتۆ
هەرچۆنێک بێت ئەمریکا کە گرنگترین هۆکاری سیستەمی نوێی جیهانی بوو لە ساڵی 1947دا تەنیا دوو ساڵ دوای کۆتای شەڕ، شەڕی نێوان وڵاتە براوەکانی جەنگی جیهانی دووەمی “شەڕی سارد” دەستپێکرد، کە یەکیەتی سۆڤیەت و هاوبەشە ئەوروپییەکانی دەکردە ئامانج، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکیەکان سەرە داوی ئەو شەڕەیان بە دەستەوە بوو، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە لە کۆتاییدا جەنگەکە لە نێوان ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا ( ڕووسیا، پۆڵەندا، ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، چیک، بولگاریا، هەنگاریا، ڕۆمانیا و ئەلبانیا) لە لایەکەوە و ئەوروپای ڕۆژئاواش لە لایەکی ترەوە دەستی پێکرد و کاریگەرییەکانیش کەمتر لە شەڕی فیزیکی نەبوون و لە ڕاستیدا لە ماوەی دوو ساڵدا بوو بە کردارێکی سەربازی و ئەمەش بووە هۆی دامەزراندنی دوو هاوپەیمانی سەربازی لە نێوان ئەوروپیەکان و پەیمانی ناتۆ (لە ساڵی 1949) و پەیمانی وارشۆ (لە 1955) دامەرزان و شەڕی ئۆکرانیا دەبێت لە ئەنجامی جەنگی سارد و دەرئەنجامەکانی پەیمانە سەربازییەکانی ناتۆ و وارشۆ هەڵسەنگێندرێت.

بە پێچەوانەی ئەوەی کە مەزەندە دەکرێت شەڕ لە بنچینەدا لەگەڵ ئەوروپا مانادار دەبێت لە ڕاستیدا شەڕ و بەکارهێنانی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان تاکە توخمی “سیستەمی ئەوروپایە.
ئەوروپییەکان لەگەڵ ئەمریکا یان لەژێر فەرمانی ئەمریکادا ڕۆڵی سەرەکیان بینیوە لە هەموو شەڕەکانی ئەوروپادا بۆ نموونە ڕوسیا و ئەمریکا و فەرەنسا و شانشینی یەکگرتوو بەریتانیا و هەندێک حکومەتی دیکەی ئەورووپی لە شەڕی سوریە و بەردەوامیدا بەو شەڕە ڕۆڵی سەرەکیان هەیە.
جەنگی ئۆکرانیا جەنگی ئەوروپایە جەنگێک لە هەردوو لایان کە میراتگری وێستفالیا و ڤێرسای و ڤییەنا و نیویۆرکن ئەم شەڕانە کۆتاییان نایەت، هەرچەندە هەرگیز نەوەستاون جیهان دەبێت بە یاسا ڕاستەقینەکانی مرۆڤ بەڕێوەببرێت و ئەمە تەنیا کاتێک ڕوودەدات کە وڵاتان کۆمەڵگەکان بە یەکسانی بەشدار بن لە بەڕێوەبردنی گەردووندا.

سەرچەم: کووار یارسان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *